چاكسازی له‌ عه‌قڵیه‌تی ئیسلامیی كوردستان
مه‌سعود عه‌بدولخالق

عه‌قڵی عه‌لمانیی كورد له‌ قه‌یرانی پاشكۆیی لایه‌نی سه‌لبیی عه‌قڵیه‌تی ئه‌زموونی بیانییه‌، هه‌رچی قه‌یرانی عه‌قڵیه‌تی ئیسلامیی كوردستانه،‌ هه‌ر هه‌مووی له‌وه‌ كۆبووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ژێر كاریگه‌ریی عه‌قڵی ته‌وه‌ری عروبییه‌، هه‌ر میلله‌تێك به‌و عه‌قڵه‌ كاریگه‌ر بێت، ئه‌ویش له‌ قه‌یران و دواكه‌وتندایه‌، نموونه‌ی ڕوون پاكستان و ئه‌فغانستان و تاڕاده‌یه‌كیش ئاینپه‌روه‌ران و لایه‌نه‌ ئیسلامییه‌كانی كوردستانیش. ده‌بینین هه‌ر وڵاتێكی ئیسلامی كه‌ عه‌قڵی ڕاسته‌وخۆ كارلێك له‌گه‌ڵ ئیسلام ده‌كات، له‌گه‌شه‌دایه‌، میلله‌تی كورد، ئه‌فغان و پاكستان له‌ ڕێی عه‌قڵی عه‌ره‌بییه‌وه‌ كارلێك له‌گه‌ڵ ئیسلام ده‌كه‌ن، كه‌وتوونه‌ته‌ نێو قه‌یران و په‌رته‌وازه‌یی و دواكه‌وتن، چونكه‌ عه‌قڵی عه‌ره‌بی خۆی له‌ گه‌وره‌ترین قه‌یراندایه‌. عه‌قڵی عه‌ره‌بی ئه‌و كاته‌ تووشی قه‌یران بووه‌ كه‌ ویستویه‌تی عروبه‌ و ئیسلام تێكه‌ڵ بكات، ناشكرێ‌، ناچار ده‌ستكاریی مێژووشی ده‌وێ‌ و كردوویانه‌، ته‌عریبی میژووی ده‌وێ‌ و كردوویانه‌، ده‌ستكاری ده‌قی ده‌وێ‌ تا له‌ ئاینێكی مرۆڤایه‌تییه‌وه‌ وه‌ریچه‌رخێننه‌ ئاینێكی ڕەگه‌زپه‌رستی، بۆ ئه‌وه‌ی فه‌زڵی عه‌ره‌ب به‌سه‌ر میلله‌تانی تر بكه‌وێ. ئیتر له‌و ته‌قه‌لایه‌وه‌ قه‌یرانی عه‌قڵی عه‌ره‌بی دروستبووه‌، ئه‌و قه‌یرانه‌ نه‌یتوانی بگاته‌ ده‌قی ئاینی، به‌ڵام به‌ توندی گه‌یشتووه‌ته‌ فقه و مێژوو و ڕوانگه‌ی سیاسی، به‌و قه‌یرانه‌ش هاتوونه‌ دنیای نوێ‌، به‌و ناسنامه‌ش هاتنه‌ نێو عه‌وله‌مه‌، سایكس پیكۆ و به‌ڵێنی بلفۆر و سیسته‌می ئینتیداب ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بی دیكتاتۆر یه‌كجاری قه‌یرانی بۆ دروستكردن، ئه‌و ڕۆژەی كه‌ ته‌نها عه‌ره‌ب ڕازی بوو به‌ سیسته‌می ئینتیدابی رۆژئاوا، عه‌قڵی عه‌ره‌بی له‌ قه‌یرانا په‌ڕییه‌وه‌ بۆ دیل و پاشكۆیه‌تی، له‌سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دروستبووه‌.
به‌شی هه‌ره‌ زۆری ئیسلامی كورد كه‌وتووه‌ته‌ ژێر كاریگه‌ریی ئه‌و جۆره‌ عه‌قڵه‌ پڕ له‌ قه‌یرانه‌ی عه‌ره‌بی، ئیسلامیی كورد به‌ پله‌ دووی موالی كۆن سه‌یر ده‌كات، به‌و هه‌موو قه‌یرانه‌وه‌ به‌ كورد ده‌ڵێ‌ تۆ بیرمه‌كه‌وه‌ عه‌قڵی عه‌ره‌بی به‌هێزتره‌، من له‌جیاتی تۆ بیرده‌كه‌مه‌وه‌، تۆ ته‌نها له‌ خزمه‌تدابه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌شم كرد ئه‌وا هه‌ڵه‌ی من له‌ ڕاستی تۆ دروستتره‌، به‌و ڕوانگه‌ سه‌قه‌ته‌ ئیسلامیی كورد سه‌یری جیهان ده‌كات، ئێستا عه‌قڵی عه‌ره‌بی دواكه‌وتوترین عه‌قڵه‌ له‌ جیهان، تا ئێستا ناتوانێ‌ ده‌رزییه‌ك دروست بكات، كه‌چی ئاینپه‌روه‌رانی كورد موعجیبن‌ به‌و عه‌قڵه‌ قه‌یراناوییه‌ و  ده‌یه‌وێ‌ خۆی و نه‌وه‌ی نوێ‌ له‌ژێر سایه‌ی ئه‌و عه‌قڵه‌ په‌روه‌رده‌ بكات، توشی دابڕان ده‌بێ‌ و ده‌نگی زیاد ناكا، له‌ نێوخۆ په‌رته‌وازه‌ ده‌بن، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ و ناوه‌وه‌یان له‌نگ ده‌بێ‌، ئه‌وه‌ی دڵخۆشكه‌ره‌ خه‌ریكه‌ به‌ ڕوونی هه‌ست بكرێ‌ كه‌ ئه‌و قه‌یرانه‌ ئیستراده‌ و له‌ ناخی ئیسلامی كورد و له‌ ناخی ئاینیش هه‌ڵنه‌قوڵاوه‌، بۆیه‌ ئومێدی چاكسازی و په‌ڕینه‌وه‌ له‌و قه‌یرانه‌ مه‌حاڵ نییه‌.
  به‌روار:  06/10/2013
  بینین:  235
هیچ داتایه‌ک به‌رده‌ست نیه‌ .
1 بۆ 0 له‌ کۆی 0
    
کۆمێنتی خۆت بنێره‌      

زیاتر‌